وردە هۆنراوەکانی بزربوونم Poem by Peshawa Kakayi

وردە هۆنراوەکانی بزربوونم

١
من تۆ بووم و تۆش ون بووى،
منیش تۆ نابینمەوە.
ئێستەش منێکم لە ئاسمان،
پەژموردە بووم و نامناسیتەوە!

٢
کە بزر بوویت و
نه‌تويست خۆتم نیشان بدەى،
بە دزييه‌وه‌ هەناسە بدە!
با هەست بە هەناسەت نەکەم و
تێيدا بتوێمەوە!

٣
تۆ (خۆت) بوویت لەنێو دڵمدا،
هەرچەندم کرد، نەبوویت بە (خۆم!)

٤
تا نەگەیشتم
بە هەقیقەتى توێژاڵى عیشقت،
شمشاڵى هەناسەم ئاوازى نەدا!
تا لە هەقیقەتى بارانت نەگەیشتم،
له‌ ئاسۆى بارانيشت تێر نەخووسام!

٥
هەرەس هات،
بەینى نەفەسم و سەوداى هەوەست
بێ مەرگ، شیعرم درزى تێ کەوت!

٦
دەرکەوت نیشانەى زیخ لە چەمەڵێنم؛
خۆم ڕانەگرت،
تا وردەزیخی بەنێو چیلکە و چیخى چاومدا هەڵڕشت!

٧
بە دەم خەیاڵاتەوە
دێمە بەر گۆشه‌ى پەنجەرە.
بۆ ئەوەى جار جار تیشکى خۆر لێم بدا و
جار جاریش باران بمشواتەوە!

٨
پەنجەرەم تێدەگا کە لێم بەقینیت،
فوارەى خۆشەویستیيت هەڵچووە و
زەوینم دەلەرزێنی!

٩
مەنوو،
پڵیتەى چاوەکانت هەڵبدە
با گڕى عیشقت خۆش بێ،
دڵم سەرماى بووە
با گەرم دابێم،
تا ئەو کاتەى کزر دەبێته‌وه‌ و
بە بێدەنگى هەڵدەترووشکێم!

١٠
قوتار نابم
لە تەڕاییى گریانت،
دەزانم زەوى قووتم دەدات!

١١
دەریا ناتوانێ
بە پێخاوسی ڕابکا،
نەک وردەزیخى لە پێ هەڵچه‌قێ!
منیش ناتوانم لە تۆ ڕابکەم،
نەک خودا شوێنمت پێ بڵێ.

١٢
من ئەسپێکى دەریاییم،
جار هه‌يه‌ غار دەدەم و
هەندێک جاريش باڵ دەگرم و
جاروباریش سەر دەردێنم،
تا لە هەتاودا دەگەوزێم!

١٣
لە ڕابردوودا (تۆ) یەک هەبوويت و بزر بووى،
لە ئێستادا (خۆم) ون بووم،
لە داهاتووشدا دەبێت تۆ دواى من بکەوى!
===================

ئەیلوولى ٢٠٠٦
شیعر: وردە هۆنراوەکانی بزربوونم
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان

POET'S NOTES ABOUT THE POEM
ژیار هۆمەر وەیگێڕاوە بۆ زمانی ئیسپانی و لە مەکسیک بڵاو بووەتەوە. چاپی یەکەم، ٢٠٠٨؛ چاپی دووەم، ٢٠٢٣؛ چاپی سێیەم، ٢٠٢٥. ئەم کتیبە، کۆمەڵەشیعرە.
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success