پیاوە پیرەکان
لە هزردا هەمەچەشنەن،
دەشڵێن (فەیلەسووفێکى سرووشتین*،)
نەختێکیان پاڵیان بە مەرگدا داوەتەوە.
نەختێکیشیان ژیان دە فنجانەیەکى گوڵ دەکەن و
ئاوى دەدەن.
کەڕەتی وایە بۆنى ڕێحانە دەکەن،
کەڕەتی وایە باسى هەست دەکەن،
کەڕەتی واش هەیە دەستى منداڵ دەگرن.
*
پیاوە پیرەکان
کە دەچنە سەر زەریا،
تەماشاى ڕاسانى خۆر دەکەن.
کە دەچنە بن درەختەکان،
جیاوازى لە نێوان تەمەنیاندا دەکەن.
کە دەشچنە نێو مزگەوتەکان، بە ئاغزە جگەرەکەیان،
یاريى سێڕیزکێنێ دەکەن.
*
پیاوە پیرەکان
بڕێکیان بە گۆچان یارى (گۆڵف) بە بەرد دەکەن.
بڕێکیان، لە ترسان سووڕەتى (فاتیحە) دەرخ دەکەن،
بڕێکیشیان لە نۆشینى قاپێک ویسکيدا
گاڵتە به ڕۆح دەکەن.
*
پیاوە پیرەکان
هەن سرووشتناسن، خۆر دەکەن بە دوو ڕەنگەوە،
هەن وە ماریفەتن، لەسەر پشتى کیسەڵ بیر دەکەنەوه،
هەن نەخۆشەوانن، پەڕوباڵى پەپوولە هەڵدەبەستنەوە و
هەشن دارەوانن، بە گوریسى نووح خۆ دەبەستنەوە.
*
پیاوە پیرەکان
لە دواجاردا دەبنەوە بە منداڵێکى زۆر سادە،
وەلێ منداڵێکى خوێنشیرین نا،
خوێنتاڵ؛
ڕەنگە تەمەنیشیان بکشێتەوە
بە ئەندازەى ڕۆحى پهرگاڵ.
========
ئابى ٢٠٠٧، قەڵادزێ
شیعر: پیاوە پیرەکان
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
چاپی یەکەم، ٢٠٠٨
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem