وەسیەت Poem by Peshawa Kakayi

وەسیەت

من ڕۆژێک دەبم بە هەور/ تێک دەخزێم: گرم گرم...
(با) لە ئاسمان ڕام نەدا،
تا هەڵمێ، دووکەڵێ، خۆڵێ، هەڵپەسێوم و
هەورەبرووسکە دەنگ بدا
کە من هەورێکى بە بارانم!
*


من ڕۆژێک دەبم بە باران/ دادەدەم: نم نم...
بارانەى خاوێنیم تک بدا،
تا کووچەیێ، گەڕەکێ، شەقامێ، بشۆرم و
هەوا ساردم بکا،
کە من وەک بەفر دەبارێم!
*


من ڕۆژێک دەبم بە بەفر/ دەبارێم: پڕووش پڕووش‌...
زەوى قووتم نەدا،
تا بستێ، کێوێ، کەلاوەیێ داپۆشم و
دەلاقەى ئاسمان شەوق بدا،
کە من عاشقێکی پاکم!
*

من ڕۆژێک دەبم بە ئاگر/ دادەگیرسێم: هێواش هێواش...
عیشقم جیلوە بدا،
تا ڕۆحم، جەستەم، ئێسقانم، بسووتێنم و
عیشقى پاکم دامرکێت و
پارچە سووتاوەکانم بۆ خۆڵەمێش بگۆڕم!
*


من ڕۆژێک دەبم بە خۆڵەمێش/ دەنیشێم: وەکوو بڕوشتە،
ڕۆژێکى دى سەر هەڵبدا،
تا ڕووبارێ، دەریایێ، زەریایێ ببینم و
بە دیارى لەنێو گۆزەدا بۆت بێنم و
بە ئەمانەت لات بێ عیشقى پاکم!
*

ئەوجا وەرن بۆ دیدەنيى من/ سەیر بکەن: ورد ورد...
عیشقم چۆن خێوەتى هەڵدا،
تا خەونێ، خەیاڵێ، واقیعێ تێ ڕاماون،
لە تەفسیرى شوێنەوارمدا،
کە دەڵێم تەنها منم، عاشقێکى غەیبەتنەکراوم!

===
٢٠٠٨
وەسیەت
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناشەکان
چاپی یەکەم ٢٠٠٨، چاپی سێیەم ٢٠٢٥

وەسیەت
Saturday, July 11, 2026
Topic(s) of this poem: poems
POET'S NOTES ABOUT THE POEM
ئەم شیعرە وەرگێڕراوە بۆ زمانی ئینگلیزی و بڵاو کراوەتەوە.
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success