قەسیدەی گونیەکە
پێشەوا کاکەیی
====
من بە سەمەرقەنددا هاتم
تا دوو گوڵ لە شیعری باغت بۆ بچنم.
بەر لەوەی بەرەو ئێرە مل بنێم،
ئاوڕێکم دایەوە و ئیدی بۆ بەڵخ ڕۆیشتم.
نەمدی هیچ عیشقێک وەها بە ستوونی بەنێو دڵمدا شۆڕ بێتهوه،
نەمدی هیچ شیعرەغەزەلێک وەها لە ڕۆحمدا بە جێ بمێنێت.
نەمدی هیچ کەسێک وەک شەمس دڵی وەها لە مندا نقوم بێت.
کە زێدی مەولانام بە سەر کردەوە،
گوتم دەک لەبەر خاکت هەڵوەرێم!
بە ئیزنی عیشقی گەوهەری خاجە لالای،
با چنگێک خۆڵ دە چاوم بکەم،
بەشکوو سەوز بێت عیشقێکی دی
کە گوڵەگەنمی نێو ڕۆحم بچنێت.
بەڵکوو مەزارێكم هەبێت بۆ ئەوینی وی
کە زیکری فەرهادی پێ بکات.
ئینجارەکێ لە ژێڵڵا هاتم و لە نەیشاپوور لامدا
چوارینەکانی خەییام بدزم.
بیرم کردەوە لە هیرات
بیخەمە نێو پێشانگای کتێب و داشکاندنی بۆ بکەم.
کە گەیشتم،
ترسام لەوەی پیرەپیاوێکی ڕدێندرێژ بە پیرمەوە بێت و
بڵێت نایەیت بە کیلۆیەک حەشیش سەودای پێ بکەین.
من دەزانم تلیاکم پێ ئاودیو ناکرێت و
ناشچم بۆ کشمیر بە تۆپێک قوماش لێم بکڕن،
ناچار بە قەندەهاردا دێمە خوار و لە کەراچی،
لە خانەی فەلسەفەی ئیسلامیدا
چوارینەکانی شيكار دەکەم،
ئەوجا یەکێک پێم دەڵێت: خەییام کافرە،
یەکێک دەمخاتە خوارەوە،
هەندێکیش دەیانەوێت کتێبەکەم لێ بدزن و
شیعرەکان ئاوەژوو بکەنهوه.
لە سایەی ئەم کتێبەوە شلوکوتیان کردم،
سەمەتم چوو زیارەتی زەردەشت بکەم و شارەوشار بگەڕێم.
یەکسەر بەرەو سلێمانی تێم کرد و
لە باغی نالی کەمێک خەوتم.
لە پڕ هەستی پەیدا بوو و لە خەوێکی قووڵ ڕایچڵەکاندم،
گوتی: بۆ نایەی بچین بۆ کتێبخانەی کەشتيی نووح؟
ئەوە چییە دە بنهەنگڵت گرتووە؟
گوتم: کتێبە کتێب! کتێبی خەییام.
چەند جوانە بە وەها بەرگێکەوە!
هەستيی کتێببەری گوڵ گوتی:
با بچين بۆ ئەندێشە ، بە دیار چوارینەکانیەوە
قاوەیەك بخۆینەوە،
با هەژار بڵێت ئەم کتێبە ڕەنگبڕۆنزییە چییە
وا مشتومڕی لێ پەیدا بووە؟
یاسین لەناکاو دێتە تەنیشتمانەوە و پێمان دەڵێت
ئێرە نەیشاپوورە.
دلاوەر بە دڵە پڕ لە خۆڵەمێشهکەیەوە
لە دوورەوە ڕادەمێنێ.
من دەزانم لە فەیسبووکیشەوە
ئەحمەدی مەلا چاوی بڕیوەتە ئەو کتێبه.
ئێ هێندە ستاییشی ئەو کتێبە بکەین،
بەر دەبێتەوە و دەکەوێتە بەر پێ.
ئیدی تێڕادەچێ،
هەژار وا دەزانێ گاڵتە دەکەین و بە دەرمان دەنێ.
وە ڕێ دەکەوین بۆ پێشانگای کتێب
بۆ قاوەخانەی کولتووری یان هەر چاخانەیەک بێ،
گونیەیەک بۆ دزینی کتێب ههڵدهگرين
تا لەتیف هەڵمەت پێمان پێبکەنێ.
هەستى دەڵێت:
ئاوایە عیشق، کتێبێک ون بێ، دەبێ گونیە پڕ بێ!
لەو کاتەوە قاچاخچیێتی دەکەین،
بە بەلاش کتێب بۆ خوێنەران ئاودیو دهكهين.
====
٢٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥
قەڵادزێ
qaladize
====
peshawa kakay /پێشەوا کاکەیی
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem