باغ و باغەوانەکان Poem by Peshawa Kakayi

باغ و باغەوانەکان

١
تا بە دەم بەیانییەوە
گوڵ لە خەو هەڵنەستا،
باغەوان دەرگاى جێژوانى نەکردەوە.
کە گوڵ دەمى کردەوە،
پشمى و مرد.
باغەوان پەڕەى گوڵ و فرمێسکى جیا نەکردەوە.


٢
باغەوان هەموو دەمەوبەیانییەک
تۆزى سەر پەڕەى گوڵەکانى هەڵدەوەراند،
کاتێک تۆزى پێوە نەدەما،
گوڵ ڕۆشن و ناسکتر جوانيى خۆى دەنواند.



٣
تا باغەوان چووە پای دارێک و
سەرخەوێکى شکاند،
گوڵ پیر بوو و
باغ کفنى زەردى نواند.

٤
کە باغەوان خەوى لێ دەکەوێ،
فریزوو بانگى شێتێک دەکا
بە دزییەوە شمشاڵى بۆ بژەنێ.
کە باغەوان وە ئاگا دێتەوە،
سه‌يرى دێ
گوڵ گۆرانى بۆ فریزوو دەڵێ.


٥
تکایە
ئەى گوڵ، ئەى گیا، ئەى درەخت!
گوێ بگرن!
باغەوان گوتەیەکى (زەردەشت) ـى
بە نێوى (گوتەى باش،
کردارى باش،
بیرى باش)
بۆ باغ خوێندەوە،
تا بزانن ئێوەش کە مردن،
چۆن زیندوو دەبنەوە!



٦
پێدەچێ خودا
تۆز و خۆڵى سەر پەڕەى گوڵەکانى
جوان تەکاندبێ.
لەگەڵ دڵۆپێک ئاونگى خودى خۆیدا
پارچە قوڕێکى درووست کردبێ و
ڕۆحى وە بەر نابێ،
هەر بۆیەشە مرۆڤەکان
بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر تەپوتۆزی پەڕەى گوڵەکان!


٧
کە باغ گوێی لە مۆسیقا دەبێ،
گیا سەما دەکا و
باغەوانیش گۆرانییان بۆ دەڵێ!


٨
باغ هەڵگرى غەمێکى سەوزە،
لە دواییدا ڕیشى زەرد دەبێ،
گوڵیش منداڵێکى باغە،
لە دواییدا منداڵێکى بێ پەروەردە دەردەچێ.
========
تەمووزى ٢٠٠٧، قەڵادزێ
شیعر: باغ و باغەوانەکان
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
چاپی یەکەم، ٢٠٠٨

Tuesday, July 21, 2026
Topic(s) of this poem: poems,poets,garden,flower
POET'S NOTES ABOUT THE POEM
چاپی یەکەمی یەکەمی ئەم کۆمەڵەشیعرە، ٢٠٠٨؛ چاپی دووەم، ٢٠٢٣؛ چاپی سێیەم، ٢٠٢٥ ئەم شیعرە بۆ زمانی ئینگلیزی و پۆلەندی و... وەرگێڕراوە
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success