بەرد لەوێوه
بەسەر پشتى دەریاکاندا
باز دەدات و
خەون بە کێلى قەبرەکانى
ئێرەوە دەبینێ!
*
ئاو لەوێوە
بە هەورازى شاخەکاندا
سەر دەکەوێ و شۆڕ دەبێتەوە،
ههتا لاشەى مردووەکانى
ئێرە بشوا و
لەگەڵ خۆیدا ڕابماڵێ!
*
درەخت لێرە
سیماى سپيی پۆشیوە و
وەرزەکان
لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ دەکات.
زەوینیش
سنگى شەقار شەقار کردووە،
له ئاسمان ڕادەمێنێ و
قەڵەمیش
قیت وەستاوە و حەپەساوە،
نازانێ چى بنووسێ!
*
مرۆڤێک بە ترسەوە
پەنجەکانى بۆ قەڵەم دەبات و
شیعرێک دەنووسێ.
ئا لێرەوە
شاعیرێک هەڵدەکەوێ و
هەستى خۆى بۆ گەلەکەى دەردەبڕێ!
*
دیسانەوە
هەستى شاعیریێتى دەشکێنن،
وەلێ دڵنیا بن
مێژووى نێو مەرەکەبی قەڵەمم
ڕاچڵەکییەوە و
پەڕەى کاغەزى واڵاش
بە دواى وشەى شیعرمدا دەگەڕێ،
تا لە ئامێزى خۆیم بگرێ و
شیعرم پێ بنووسێ!
*
چ بڵێم؟
«بە کوڵ دەگریم،
مەرگ
وەکوو ڕێبوارێک
لە ڕێیەکى دوورەوە
دەستم دەگرێ و بەرم نادات،
تا لەنێو گڕکانى بادا
بە بێدەنگى دەمسووتێنێ.»*
من لە بیابانەوە دێم،
بە پێستێکى نەسۆز و
قوڕگێکى وشک و
هەناسەبڕکەیەکهوه
بە پلیکانەکانى هزرمدا
سەر دەکەوم و
دەست بە سوێى ئاسمانهوه دەگرم و
دەڵێم: «ئەى خواى بێ-خوا! **»
من لێرەم.
چۆن قومێک ئاو بنۆشم
تا تینوێتیم پاراو بکەم!
چۆن هەناسە بدەم؟
وڵاتەکەم هێندەى گریاندم،
له ناخمدا بووهته تاشەبەرد
فرمێسکى سوێرم.
*
من لەوێشەوە هاتووم
هەر شوێن عیشقى فرمێسکى وڵات کەوتووم،
ههتا پەنجەکانم
بەنێو گەردووندا بگێڕم و
عیشق بنووسمەوە.
ئهگەرچى (با)
پەنجەکانى لێ دەفڕاندم و
هێندەى ديكه
وڵاتمى بە خوێن دەشۆردەوە!
*
من نازانم،
ئەوەندەى بگریم و بنووسم،
هەناسەم پچڕاوە و
پەنجەکانم تاساون.
چاوەکانم کز بوون و
دەستم لە گۆچانێک ڕاماوە.
بە دەم کۆڵێک غەم و
ڕیشێکى سپیی زۆرەوە
بەنێو وڵاتى عیشقدا
گوزەر دەکەم و
عیشقى «نالی» و «حەبیبە»تان به بیر دێنمەوە!
*
هاتووم
حیکایەتێک لە ڕەهێڵەى باران بۆ عاشقان بگێڕمەوە،
شیعرێک
لە هەورەتریشقەى غەزەبى خوایی بنووسمەوە.
دەزانن مەملەکەتە زەلیلەکەم
لەژێر دارى ژەقنەمووتدا
دانیشتوون و گوێ ههڵدهخهن
بۆ هەواڵەکانى ئەم سەردەمە؟
دەزانن لەم مەملەکەتەدا
بایەک دەمهێنێت و دەمبا؟
تاڵە مووەکانى پرچى خۆر کز بوون و
ئاسمان دەگرى و
زەوینیش نێوجەرگەى ڕەش بوو و کرمى هەڵهێنا.
بە چنگى خۆى
تاشەبەرد و درەخت و کێو و شاخ هەڵدەکەنێ و
دەڵێت: ئێوە تاشەبەردهكان!
بۆ نەبوونە کێلەقەبرى منداڵە بێتاوانەکان؟
ئێوە درەختهكان!
بۆ کفنى سپیتان نەپۆشیوە؟
ئێوە کێو و شاخ!
بۆ لێک نزیک نەبوونەتەوە؟
یان منتان کردووە بە ڕیکلامی شیعر
بە دیوارى ماڵان و
دەڕابەى دووکانەکان و
ئاودەستى مزگەوتەکانهوه،
دێڕ بە دێڕ دەمنووسنەوە
تا بمخوێننەوە!
من لەوێ ناڵەى غەمم،
هەر دەگریم و دەنووزێمەوە.
بۆ کچانى هەناسەى ساردیش
وەکوو نمەى باران،
خۆم بۆ شیعر دەبارێنم.
پرچی شەویش دەگرم و
وێنهى ڕەنگى خەویش دەگرم.
دەزانم خەونەکان ڕەنگیان
پڕ لە تەم و
تاسەى حەز و
فرمێسکى قەتیسماوه!
======
٢٠٠٦، سلێمانی
هەناسەیەک لە حەوت پەراسووەوە
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
چاپی یەکەم، ٢٠٠٨
چاپی سێیەم، ٢٠٢٥
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem