لە زەلکاوێکداین، دەرچوونمان نییە
پێشەوا کاکەیی
======
ئەم هەرێمە وەکوو زهلكاو وایە
ئاوی ليخن و قوڕاو،
نە پیرەپیاوێک دەتوانێ دەستنوێژی لێ هەڵبگرێ،
نە پیرەژنێک دەتوانێ ملهمێخەکێكی پێ تەڕ بکات.
شتگەلێک لەم زەلکاوە ليخنەدا دەبینین.-
کیسەڵ لەنێو ئاو و سەر زەویدا
داوای ڕۆحی نووح دەکات،
تیمساح دانی تیژی خۆی حەشار دەدات،
بۆق قیڕەقیڕیێتی و داوای وەرزی دیکە دەکات،
بێ ئەوەی لە غەمی پەپوولە بگات
کە بە عیشقی گوڵەوە دەمرێت.
سیسرکە هەر زیکەزیکیەتی تا جاڵجاڵۆکە پەست بکات.
جاڵجاڵۆکەش لە ئەشکەوت دێتە دەرێ و
هەر چی داوە دایدەنێ و
ئیدی من و تۆش لە تۆڕ دەنێ.
*
زۆنگاوێکە پڕیێتی لە قامیشەڵێن،
کە با هەڵدەکات،
هەرقالۆرە و شمشاڵی خۆی دەژەنێت.
لەوسەریشەوە بەلەمێک بەرەو ڕووی ئێرە دێت،
هەر هەڵبەزودابەزیێتی،
پێدەچێت لە نێوەندی زۆنگاوەکەدا نوقم بێت،
ئاخر بەلەمی بچووک
کوا پێنج کاپتنی دەوێت؟
*
وای لەم بڵقاوە! وای لەم هەرێمە پڕ تاعوونە!
مێروولە تێوە گلاوە، نازانێت چۆن باڵ بگرێت.
چەقەڵیش نازانێ چۆن فێڵی پێ لە ڕێوی بکرێت،
ئیدی کەریش لەوسەرەوە هەر زەڕەزەڕیێتی،
نازانین نە کورتانی خوارە، نە کورتانی لێ دەنرێت!
*
وای لەم کەلاوە ڕووخاوە! وای!
گوێسوانەی ماڵەکانیشمان پڕیێتی لە چەکچەکیلە،
ئەوانیش سەریان لێ شێواوە،
کە ئێواره دادێت
نە پیاسەیەک بە ئاسماندا دەکەن
تا تێکەڵ بە تریفەی مانگ بن،
نە لەگەڵ ترووسکاییی ئەستێرەدا دەکەونە گفتوگۆ و
تا شەو ڕووناك بکەنهوه.
نە دەيهنە دەرەوەش
تا خۆیان بە دیوارەکانەوە هەڵڕووسکێنن،
تا لەگەڵ مارمێلکەدا ڕاوێژ بکەن.
وای لە چەکچەکیلەکان! وای!
وای لە شەوەزەنگی نێو کولانەی بن سوێبانەکان! وای!
*
بۆ دوا جار سەرنجی قاژووەکان بدەن،
کە چلۆن پۆل پۆل دەچنەوە بەرەو ئاسمان.
دەڕۆن تا لەبن هەورەکاندا ون دهبن.
نە سووتانی قەقنەس دەگێڕنەوە لەژێر باران،
نە بیرەوەريی کۆفیتە دەگێڕنەوە لەنێو دەغڵودان،
بۆ دوا جار قاژووەکانیش
بە جلێکی ڕەشەوە دەچنەوە ئاسمان،
وەکوو ئەنفال، وەکوو گەرمیان.
ئازارى ٢٠١٤،
قەڵادزێ
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem