گوێ بگرە و
لە بنمیچى ئاسمان
بنواڕە!
هەر ئەستێرەیەک کە چاوى زەق دیارە،
ئەوه شیعرى پێنجخشتەکيى منە و
بۆ تۆ هەڵواسراوە!
*
گوێ بگرە و
دیمەنێک لە تیشکى چاوەکانتهوه
گەوزاوە،
کە منم و
کەسێک نییە خەبەرم بێنێ،
دەنگێک نییە ڕامچڵەکێنێ،
تا حیلەحیلى شیعرم
شوێن پێی قافڵەى عاشقان بکەوێ!
*
هەمدیسان گوێ بگره،
تاریکم؛
کە تاریکى دهورى داوم و
ئاسمانیش هەڵمى دڵۆپە فرمێسکەکانم ڕادەکێشێ،
تا هەورێکى بوغزاويى چڕ پێک بێنێ.
ئێستاکەش منم، ئەو هەورەم
کە هەورم گرمە دەکا و
خرمەى بارانم لەسەر جەستەت دێ!
======
٢٠٠٨
شیعر: گوێ بگرە
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem