شێتەکان Poem by Peshawa Kakayi

شێتەکان

(ئەو شێتەى پێنووسێک بە دەستەوە ده‌گرێت،
ترسناکترە لەو شێتەى‌ شمشێرێک بە دەستەوە ده‌گرێت!)
نیچە

شێتەکان

١
منم ڕابەرى شێتەکان،
خاوەن ئیمپڕاتۆریەتێک لە ڕۆحە ئازادەکان،
لەودیو مەنفاى ئێوەوە
کەمینەیەکى یاخى
لە یاسا کوێرەکانى ئێوەوە،
ئەرکى منیش تێکشکاندنى،
نەک جێبەجێکردنى فەرمانى ئێوە!


٢
لە دنیاى شێتەکانەوە
شتەکان دەبنە هەقیقەت.
گەر بشچینە دنیاى هەقیقەتەوە،
دەبێت ببینە شێت!


٣
لە دنیاى شێتگەراییدا
دەگەینە هەقیقەت،
دەگەینە کۆتاییى لقى درەختەکان
تا لەسەر سفرەى پێغەمبەرەکان
دابنیشین و ژەمێک نان بخۆین!


٤
لە دنیاى شێتگەراییدا
دەگەینە پلەى فەنابوونى سرووشى فەلسەفە،
وەلێ فەلسەفە دەمانکات به‌ دوو کەرتى جـیاوازەوە.
کەرتێک بە دەست شاعیرە ئیفلیجەکانه‌وه‌
کە لە شیعرێکى خەیاڵیدا ونمان دەکەن،
کەرتێکیش بە دەست فەیلەسووفەکانەوە
کە لە گومڕاییاندا دنیاى هەقیقەتمان دەدەنەوە!


٥
لە دنیاى شێتگەراییدا
فەیلەسووف لە عەقڵى گومڕایی دێتە دەرێ،
کە دەگات بە دنیاى سروشتی،
قوتابخانەیەک لەدواى خۆیەوە بە جێ دێڵێ.


٦
لە دنیاى شێتگەراییدا
بەو شێوەیەى دەمانەوێت بمرین، دەمرین و
بۆ هەمیشەش زیندوو دەمێنينه‌وه‌.


٧
شاعیرەکان بلیمەتن،
شێتەکانیش کەمۆکێک گێل،
بەڵام بە ڕەچەڵەک دەچنەوە سەر شاعیرەکان!


٨
شێتەکان لە خەوندا
شاعیرێکن خەیاڵاوى
تەفسیرى دنیا دەکەن،
بەڵام کاتێ وە خەبەر دێنەوە
عوزرخوايى
بۆ سروشت دێننەوە!


٩
شێتەکان لە هەموو شتەکاندا
دەتوێنەوە،
بەڵام کاتێ بەفر دەبارێت
ئەوان خەوتوون،
بەفر لەبرییان دەتوێتەوە!


١٠
شێتەکان سیگارکێشێکى عەجايیبن،
لە یەکەم مژیاندا
دووکەڵێکى خەیاڵاوى وێنا دەکەن،
کە دەبینن لە وێنەی ئافرەتێكى ڕووت دەچێ،
قونچکى سیگارەکەش دەمژن!


١١
شاعیرەکان کە دەچنە نێو باغ،
بە قەڵەم تەفسیرى گوڵ دەکەن و
بە شیعر مۆمیاى دەکەن،
دەڵێن نەوەک گوڵ وشک بێ و پەیکەرى نەبێ،
شێتەکانیش هەمیشە پێکەنینیان بە عیشق دێ و
بەرد بە دەستەوە دەگرن،
چونکى دەزانن باغەکان سەوداسەرن و
گوڵیش زوو ڕیسوا دەبێ!


١٢
شێتەکان نوورانین،
پرچێکى درێژى قرژن و
ڕیشێکى تۆزاوییان هەیە،
کە تۆزیان
لەسەر بەرگى قورئانى نێو مزگەوتەکان دەچێت،
لە جووڵەشیاندا زیکر دەکەن،
کە زیکریان
لە دەروێشێکى خودایيی سەر شەقامەکان دەچێت!


١٣
شێتەکان کەمدوێن،
هەمیشە سەرقاڵی پڕۆڤەى نمایشى شێتیین.
کە گوێشیان لە بانگ دەبێت،
دەست بە پڕۆڤەى ئاینزاى ئیسلام دەکەن و
دەچنە نێو مزگەوتەکان نوێژ بکەن،
وەلێ مەلاکان
سروشتى خۆیان دەشکێنن و
دەریان دەکەن!


١٤
شێتەکان
کە دەچنە شوێنە گشتییەکان
لۆتییەکان بە ڤۆدگا سەرخۆشیان دەکەن،
کە دەشچنە نێو ئەشکەوتەکان
کچەکان فانۆسی لەززەتیان بۆ دەبەن!


١٥
شێتەکان
گەورەترین سەرمایەیان
پانتۆڵێکى کورت و
پێڵاوێکى دڕاو و
کراسێکى شڕە.
گەورەترین سڕیشیان
مەرگێکى کامڵه‌
لەبن دارتوویەکى زڕدا‌!


١٦
ئێمە کە ئەدگارى شێتەکان دەبینین،
وا دەزانین هەمیشە لەگەڵ خودادا شەڕیانە!
گەر چی ئەوان لە غافڵی شتێکدان و دەڵێن
خودایە! بۆچى ئه‌و خه‌ڵكه‌ گومڕان‌؟!


١٧
شێتەکان بەدبەختى نێو کۆمەڵگەن،
خەڵکيش بۆ کاتبەسەربردنى خۆیان
گاڵتەیان پێ دەکەن،
یان هەندێکیان دەڵێن
شێتەکان دەست دەوەشێنن،
وەلێ تێنەگەیشتووەکانی نێو کۆمەڵگەن
دەست دەوەشێنن!
============

٢٠٠٨
شیعر: شێتەکان
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
چاپی یەکەم، ٢٠٠٨

شێتەکان
Wednesday, July 29, 2026
Topic(s) of this poem: poem
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success