کە ڕێم دەکەوێتە هەمەدان Poem by Peshawa Kakayi

کە ڕێم دەکەوێتە هەمەدان

کە ڕێم دەکەوێتە هەمەدان
===

وەک باڵووڵی ماهی دێم و دەچم،
شێتانە ڕاڤەی خودا دەکەم تا گەمژەکان بەر قامچیم نەدەن.
دەزانم گوند گونێکی قۆڕ بووە و
دەچێتە شار نەشتەرگەری بکات،
شاریش گونێکی قۆڕ بووە و
دەچێتە گوند تا دەردی دەرمان بکات.
ئەی باباتاهیر! تۆ وەک سۆفییەک شیعرت کردە باڵی باڵندە،
لێ دە قەفەزێکت کرد و باسی بوونت دەکرد،
چ بکات خەییام! کە دوو باڵی دیکەی لێ نا
تا فڕینی لە بوون و نەبوون دەرباز بکات.
***

کە شێت دەبم و دەچمە نێو جیهانی شێتییەوە،
پێی دەڵێن دنیای ماهی،
کە شێت نابم و دەمخەنە شێتخانه‌وە
ڕێک جیهانی ئەمڕۆیە دوور لە ڕامانی ماهی.

چ بڵێم! عوریانی وەک عاریفێک دەرنەهات،
تا ختووکەی پرسی بوون و هەبوون بدات،
بەڵکوو ڕیشی دانا، بە ڕۆحی ڕۆحدا هەڵزنا،
تاوەکوو بۆ هەمیشە لە بووندا یەکانگیر بێت.

خەییام، سەرێک بوو گوزەری کرد،
بۆ چوونە نێو جیهانی ئەختەر و گەردوون،
کەچی بۆ هەمیشە گیرسایەوە
لەنێو پرسیاری بوون و نەبووندا!
***

وا هاتووم، هەر دێم و دەچم، گوند و شار پێکدا دەدەم،
ئایین و فەلسەفە لێک موتووربە دەکەم،
سەفەرێک دەخوڵقێنم بۆ شیعر و
شیعریش بۆ سەفەر دەسازێنم.

ڕێک ئاوایە
ئێمە قۆڕ بووین و وەختە بچینە جیهانی قۆڕیاتەوە،
وا جیهان پڕ بووە لە تۆو و هاکا میهرەبانی تۆوی چووه‌وه‌!
لە جیهانێکداین، تەسەلامان نییە
بەرد بە جیهانی بوون بکەین،
ئاو بگەڕێنینەوە نێو بوونی یەکەم و
لە دووەمدا ئاو بێنینەوە نێو بوون.
هەر وا تێی دەکەین و نەهاتووین کە هەوا
لە کۆخەکۆخی قووڵاییی سینگی پڕ خڵتەمان دەر بکەین.
بۆ وەی جیهانیش درەوشاوە بێت،
دەبێت ڕێ بۆ هەوا خۆش بکەین،
مەگەر هەناسە زادەی کێیە و چی دەوێت
کە هەوايش وەک بوون و نەبوون بەر ڕاڤە نەکەوێت؟!
***

چۆن چووینەتە دنیای ژانەوە،
دەبێت ئاوايش بچینە جیهانی زانەوە.
هەموو شتێک خۆی بۆتە زێ،
بێ ئەوەی تۆوی تێ بکرێ، دەزێ.
ئەم جیهانە وا خووی گرتووە،
هەربینا خۆيشی لەتاوان دەزێ.

کە تۆوی تێ دەکرێ لە زێ
بەس مێ بەرگەی ئەم ژانە دەگرێ
تا جیهان دێنێتەوە بوون و
لەوەوە بوون تامی یەکانگیری دەگرێ.

ئیدی بە گونی قۆڕەوە، گوند و شار گرێپوچکەيان لێ دەدرێ
ئەوەی بێتەوە نێو جیهان، دەبێت جارێکی دی له‌ دايك ببێ.
====
١٠ی ئابی ٢٠١٨
هەمەدان
پێشەوا کاکەیی/ peshawa kakayi

* لە کتێبی: (مەکە لە مەککە مینەی نانەجیب کە هۆشت هەر لای مەمکە) دا بڵاو کراوەتەوە.

کە ڕێم دەکەوێتە هەمەدان
Wednesday, June 24, 2026
Topic(s) of this poem: poems
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success