پیاسەیەک بەنێو گەڕەکی نووسەراندا Poem by Peshawa Kakayi

پیاسەیەک بەنێو گەڕەکی نووسەراندا

پیاسەیەک بەنێو گەڕەکی نووسەراندا
========
نازانم ئەم گەڕەکەی ئێرە ڕەنگی لە کوێوە هێناوە!
نسێی حەوشەی ماڵەکانیان هێشووەترێی گرتووە،
کووچەکانی وەک لای ئازەرییەکان بە ئاو پاک کراوەتەوە،
دیوارەکانی بە وێنەی چێ گیڤارا ڕازاونەتەوە،

یەکێک لە بەر پەنجەرەوە
خەیاڵی لە دووکەڵی سیگارەکەی دەدزی،
هه‌تا شیعرێکی خۆرخێیانە بنووسێت.
یەکێک خەریکی باغداری بوو، دەیگوت
وێنەکانی مارتین مالارۆ
بە فڵچەی ڤان کۆخ کێشراوەتەوە.
بەردەرگاکان بۆنى بخووریان لێ دەهات،
وام دەزانی بەنێو بوخارادا تێدەپەڕم و بۆ سەمەرقەند دەچم.
درەختی ماڵەکان پڕپڕ بوو لە دەنگی بولبول،
گۆرانییەکانی چارلی گارسیا دەزرینگانەوە لە گوێمدا.
ماڵ هەبوو کە تیشکی خۆر لێی دەدا،
ڕووناکيی بەسەر شوێنپێیەکانمدا دەپرژاند و دایدەگیرساندم،
ماڵ هەبوو ئێرەییم پێ دەبرد،
حەزم دەکرد بەر لە جێهێشتن
ئاوێنەی پەنجەرەکانیان وردوخاش بکەم.
===
لە کتێبی: ئەمریکانامە بە تامی شیعر
پێشەوا کاکەیی
٢٠١٧
ڕۆمانەشیعر-قەسیدە
پڕۆژە: شیعرەڕێ
بەشی سێیەم و چوارەم
چاپی یەکەم، ٢٠١٨، کارۆ، سلێمانی

پیاسەیەک بەنێو گەڕەکی نووسەراندا
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success