منی هیچ Poem by Peshawa Kakayi

منی هیچ

هیچێکم، وەک باڵێکى وەریوى مێروو،
هیچتریشم وەک پاسەوانێک بە دیار مەرگەوە
بۆ بینینى شتە هیچەکان.


منى هیچ



لێرەکانێ
منێکم هیچ،
لە توێکڵى توورى فساوى،
بۆگەنێکم، لە قوتووە ڕوبێکى ترشاو و
قرپى پارووە پەنیرێکى موواوى.
هیچێکم
لە باڵەفڕێى مێرووەسوورەکانەوە
سەیرى سرووشت دەکەم،
لە تۆزى خۆڵەمێشى بەباداچوودا
بۆنى مەرگ و
لە گەڵا وەریوەکانى پاییزەوە
تەفسیرى ڕۆح دەکەم.
***

مرۆڤێکم،
هیچتر لە هەموو شتێک، کە هیچە،
گەمژەتر لە هەڵوەرینى سێوێک،
بۆ دانانى هێزێکى یاسای ‌تاهەتایى،
کەڕتر بۆ بیستنى هاوارى بەردەکان؛
کوێرتر بۆ دیدەنيى مەزارگەى پیاوچاکەکان؛
منى هیچ،
نە زادگام هەیە،
تا نوورى (تەبارەکەڵڵا) لێم بدا،
نە داوى جاڵجاڵۆکەش شک دەبەم
تا خۆمى تێدا حەشار بدەم و
دوژمن بە دوامدا ڕانەکا.
***

منى هیچ،
کوا ڕەشبینم؟
لەکن مزگەوت مەیفرۆش دەبینم، ده‌شڵه‌ژێت؛
لەکن دەریا سەگ هەڵتووتاوە و دەقرووسکێنێت؛
لەکن گوڵ لەشفرۆش دەبینم، پێدەکەنێت؛
لەسەر جادە خوێنى منداڵ دەبینم، دەڕژێت؛
لە چاوى مامۆستاشدا تۆزى تەباشیر دەبينم، دەتکێت.
***

منى هیچ
هەستم لەنێو هەستى مستێکدایە،
ڕقم لەنێو ڕقى شیعرێکدایە،
خوێنم لەنێو خوێنى مێشێکدایە و
فرمێسکیشم بەسەر تاڵى شانەى خۆردا
دێتە خوارێ و پندیش لەژێر تەڕبوونى فرمێسکمدایە.
***

منى هیچ،
بە قەد قەڵافەتى چنگەپشیلە،
خۆم بەنێو تیکەکەلێنى دیوارەکاندا هەڵدەڕووسکێنم؛
تا بزانم لەودیوى دیوارەکانەوە (هیچ) هەیە!
منى هیچ،
تەماشاى وەستانى قاچى قازێک و
فڕینى کلکەسەنگینەیەک و
پێکەنینى قەلەڕەشێک دەکەم
تا بزانم دابەشبوونى (ئەندازە) هەیە؟
منى هیچ،
بەشداريى دەکەم لە کوشتنى مۆریانەدا،
لە تۆڵەى خوراويى گۆچانى پیاوەپیرەکان و
کونکردنى دیوارە سپییەکان،
تا بزانم، فەرمانى دادوەر بۆ (ڕۆحى بچووک) چییە؟
***


منى هیچ،
پێکەنینم بە هەندێ شاعیر دێ.-
جـیاوازى لە نێوان ئاسمان و دەریادا دەکەن،
ئەستێرەیەک کە بە بۆشایيی ئاسماندا ڕادەخزێ،
تەفسیرى مەرگى مرۆڤ دەکات.
ماسییەکیش کە بە تیژى لە دەریاوە بەرەو کەنار دێت،
تەفسیرى خۆشەویستیی لەبارچوو دەکات.
کە وایە منم تەنیاترین کوڕى سەراب،
هاوڕێی کەندەسمە و کەڵەباب.
منم، خاوەنى فراوانترين خەیاڵى شیعرى ئەوین!
***

منى هیچ،
بە دواى هەموو شتەکاندا دەگەڕێم.
لە گومناويى تاریکه‌شەودا
بە دواى لوورەى گورگى نێو دارستانەکان و
میاوه‌ى‌ پشیلەى سەر دیوارەکان و
زەڕه‌ى جاشەکەرى نێو تەویلەکاندا دەگەڕێم.
دواجاریش بە دواى تکە خوێنى
باڵندە شکستەکان و
قرووسکەى سەگى
بەر ماڵى لەشفرۆشەکاندا دەگەڕێم.
***

دەزانن منى هیچ چیم و کێم؟
منم، سەر بە وەچەى بزمار/ لاشەیەکى تەڕى بیمار
گڵوانەى وشکى سنەوبەر/ تا زستانێکم بردە سەر
گوڵەگەنمى پووچ/ لەژێر دەڕاسەیەکى قووچ
منم سەر بە ڕیخى مانگا و گامێش/ دەوڵەمەنترین وەچە... وەچەیەکى مێژووى سەرئێش!
***

منى هیچ،
گوێ لە ئەداى هەموو وەرزێک ده‌گرم،
گوێ لە خشەى گەڵاى پاییز دەگرم،
چۆن لەژێر پێی ئافرەتدا دەبێتە خاشاک.
گوێ لە کرپەى بەفرى زستان دەگرم،
چۆن وڵاخدار توولەڕێ دەشکێنێت.
گوێ لە سیکەى گیاى بەهار دەگرم،
چۆن باغەوانەکان دەیڕنن.
گوێ لە چرقەى گەرماى هاوین دەگرم،
چۆن قەڵەم و شاعیر پێکەوە هەڵدەچن؛
گوێ لە وەرزى پێنجەم دەگرم، وەرزى بەهەشت،
«چۆن شەراب بەنێو جۆگەدا چۆڕەى دێ و
مەزەش لە تەنیشت.»
گوێ لە وەرزى شەشەم دەگرم، وەرزى جەهەننەم،
«چۆن چاوەڕێى خرتەى شەشبەشەشێکى مۆرى تاوڵە دەکەم.»
***


منى هیچ،
کەڵەشێرێکى پۆپڕەدارى سوورم بینى،
دەیقووقاند و
هەڕەشەى لە هیچ پەلەوەرێکى دى قبووڵ نەدەکرد.
سەرمازەڵەیەکم بینى، سەر بە ئەشڕافزادەکان،
کۆترێکى سپیم بینى، سەر بە ڕەنگەکان،
چەکوشى دادوەرم بینى، بە دەست سەرکردەکانه‌وه‌.
***

منى هیچ،
سه‌يرم لە هەندێ شت دێ
کە عاشقى خودا دەبم، دەسەڵات سەرم لێ دەشێوێنێ،
کە عاشقى ئافرەت دەبم، نێوى خودام لە بیر دەچێ،
کە دەچمە نێو دەسەڵات، خەڵک جوێنم پێ ده‌ده‌ن،
کە بێ لایەن دادەنیشم، حوکوومەت ڕاوم دەنێ،
کە لەسەر حوکوومەت دەنووسم،
گشت عیشقێکم لە دەست دەچێ.
وەى عیشقم ڕۆ! وەى قەڵه‌مم ڕۆ!
ئاى لەو شیعرانەى کە دەینووسم و لێم بەگومانن،
چۆن جارێکى دیکە،
ئیلهام خۆ بە باوەشی شیعرمدا دەکات؟!
کە دەڵێم من لە نووسەرانى ئەمڕۆوە خوێندنەوە دەکەم،
شیعرم کەلەپچە دەبێ.
***


منى هیچ،
ئەمشەو
شیعرێکم پاسەوانى دزەکانە،
چۆن لەنێو دێڕەکاندا خۆ دەنووسنەوە.
شیعرێکم درووشمى ناڕەزایيى گەنجەکانە،
کە چۆن مان دەگرن و لەنێو چادرەکاندا دەمێننەوە.
شیعرێکم لەباره‌ى سواڵکەرانى سەر شەقام و
شێتەکانى بەردەم دووکانەکانە،
چۆن قەرەباڵغیيان لەنێو کۆمەڵگەدا درووست کردووە.
ئاى لەم مەرگەساتانە،
کە لەنێو دەسەڵاتى کاریزماکاندایە و
قەت کاڵ نابنەوە!

وەى پەنجەکانم ڕۆ، وەى شیعرم ڕۆ!
ئاى دەبێ یاساى دادوەر لەسەر من چی بێ!
کە دەڵێم: من لە گەنجەکانى ئەمڕۆوە فێر بووم
بۆیە شیعرم یاخى دەبێ.
========

تشرینى یەکەم و دووەمى ٢٠٠٧
=========
منی هیچ
peshawa kakayi /پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
چاپی یەکەم، ٢٠٠٨
چاپی دووەم، ٢٠٢٣
چاپی سێیەم، ٢٠٢٥

Tuesday, June 30, 2026
Topic(s) of this poem: poem,political,philosophy
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success