شەو هات، تۆ دەمترسێنی! Poem by Peshawa Kakayi

شەو هات، تۆ دەمترسێنی!

شەو هات،
تۆش بوویتە حەوتەوانەیەکى گەورە،
جاروبارێ دەردەکەویت و خۆ بزر دەکەیتەوە!
منیش لەسەر زەوى و
لەسەر جێگە ڕاکشاوم.
کە ون دەبیت، دەترسێم و
خێرا بەتانییەکە بەسەر خۆمدا دەدەم و
توند توند لە خۆمييه‌وه‌ دەپێچم!
*


شەو هات،
تۆش بوویتە مانگێکى یەکشەوە،
وەکوو مه‌ڵەغان ئەستێرەکانى شەوى تەنیاییم
هەڵدەپەردێوى و
لە بۆشایيی ئاسمان دەیانسڕیتەوە،
منیش لەسەر زەوى و
لەسەر جێگەکەم شیعر دەنووسمەوە.
کە ون دەبیت، دەترسێم و
خێرا پەڕەى شیعرم خڕ دەکەمەوە و
لەوسەریشڕا (با) دێت، دەیدزێت و نایهێنێتەوە.
*


شەو هات،
ئەم جارە بوویتە خەرمانە بە دەورى مانگەوە،
ئەهریمەنیش بە گوێتدا دەچرپێنێ و خامۆشت دەکاتەوە.
منیش لەسەر زەوى و
لەسەر جێگەکەم ڕاکشاوم و بیر دەکەمەوە،
دەڵێم تۆ بڵێیت ئەم جارە ئەهریمەن بە گوێی منیشدا
نەچرپێنێ و بڵێت دەتکەمە گەردوون!
منیش بەزەییم پێتدا بێتەوە و
بتکەمەوە بە مانگ و ئەستێرە،
تا شەوانە لە ئامێزت بگرم و چیدی نەترسم!
============

تەمووزى ٢٠٠٨، ئیسفەهان
شیعر: شەو هات، تۆ دەمترسێنی!
پێشەوا کاکەیی

لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
چاپی یەکەم، ٢٠٠٨؛ چاپی سێیەم، ٢٠٢٥

Thursday, July 16, 2026
Topic(s) of this poem: poems,poets,night,stars,galaxy,moon
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success