گۆڕخانە Poem by Peshawa Kakayi

گۆڕخانە

گۆڕخانە

منیش لە گۆڕدام،
جار جار پێم دەجووڵێ و لە جێی خۆم دەڕۆم،
هەندێ جار فڵتەفڵت،
گوایە باسی چاکە دەکەم،
وەک ئەوەی عیسا بم و گەڕابێتمەوە،
هەموان دەستخۆشيم لێ ده‌كه‌ن!
یەکێک فڵتەفڵتی ناو خانۆچکە فسقەڵەكه‌م، بێقەمسەڵەکەم!
پەسەند دەکات و دڵێکی سوور دادەنێت،
یەکێک مۆڕە دەکات و
یەکێکی تر تێر دەڕشێتەوە و
یەکێکیش زیندوويه‌تیی خۆی دەر دەخات،
منیش له‌ قاقاى پێكه‌نين ده‌ده‌م و دەڵێم
لێرە هیچ مرۆڤێک زیندوو نییە؛

مردوو شیعری مردوو دەخوێنێتەوە و
وێنەی مردوو دەگرێ و
هەواڵ لەسەر مردوو ساز دەکات و
بەسەر مردوواندا دەفەلسەفێنێ و
چەپڵە بۆ سەرۆکی مردووان لێ دەدات
تا بنکڕێکی دەست بکەوێ...
ئێوە هەمووتان ئەگەر ڕاست دەکەن
لەبری فڵتەفڵت
با ڕاپەڕینێک به‌رپا بكه‌ين تا بزانين ڕۆحمان زیندووە
یان لە گۆڕداین و
شەوانه‌ زار و لاقمان دەجووڵێنه‌وه‌!
====
پێشەوا کاکەیی
٢٠٢١

گۆڕخانە
COMMENTS OF THE POEM
READ THIS POEM IN OTHER LANGUAGES
Close
Error Success