-٧-
ئەى گوڵ! تۆ سەر بە خێڵی باغەکانى،
ئێمەش بە ڕەچەڵەک دەچینەوە سەر تۆ.
بەهەشتى تۆ لەنێو دۆزەخى دەستى ئێمەدایە و
بەهەشتى ئێمەش لە قووڵاییی بۆنسروشتى تۆ.
ئەى گوڵ!
تۆ بوویتە قوربانيى دەستى عاشقان و
عاشقانیش بوونەتە کۆیلەى هاوغەزەلیان و
هاوغەزەلیش بووەتە گەمەى گەورەى خودا.
ئەى گوڵ!
گەر ڕۆژێک بێمە سەر مەزارهکەت،
دەبێت گشت عاشقەکان وە ئاگا بێنمەوە،
چونکى مەزارى تۆ لەنێو دەستى عاشقاندایە.
ئیزنم بدە ئەى گوڵ!
بەڵێنت پێ دەدەم کەس ئەزیەتت نەدات،
موژدەت پێ دەدەم کەس نەزۆکت نەکات؛
تا بێم تۆوى خۆت لەژێر عەرددا بچێنم و
دواتر بیبینیت، وەچەى دەمبەخەندەى خۆت.
=====
٢٠٠٧-٢٠٠٨-٢٠٠٩
بەشی حەوتەم: منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم
لە کتێبی چامە و شیعر: منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم
چاپی یەکەم، ٢٠١١
پێشەوا کاکەیی
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem