١١
شاعیرەکان کە دەچنە نێو باغ،
بە قەڵەم تەفسیرى گوڵ دەکەن و
بە شیعر مۆمیاى دەکەن،
دەڵێن نەوەک گوڵ وشک بێ و پەیکەرى نەبێ،
شێتەکانیش هەمیشە پێکەنینیان بە عیشق دێ و
بەرد بە دەستەوە دەگرن،
چونکى دەزانن باغەکان سەوداسەرن و
گوڵیش زوو ڕیسوا دەبێ!
١٢
شێتەکان نوورانین،
پرچێکى درێژى قرژن و
ڕیشێکى تۆزاوییان هەیە،
کە تۆزیان
لەسەر بەرگى قورئانى نێو مزگەوتەکان دەچێت،
لە جووڵەشیاندا زیکر دەکەن،
کە زیکریان
لە دەروێشێکى خودایيی سەر شەقامەکان دەچێت!
١٣
شێتەکان کەمدوێن،
هەمیشە سەرقاڵی پڕۆڤەى نمایشى شێتیین.
کە گوێشیان لە بانگ دەبێت،
دەست بە پڕۆڤەى ئاینزاى ئیسلام دەکەن و
دەچنە نێو مزگەوتەکان نوێژ بکەن،
وەلێ مەلاکان
سروشتى خۆیان دەشکێنن و
دەریان دەکەن!
============
٢٠٠٨
شیعر: شێتەکان
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
چاپی یەکەم، ٢٠٠٨
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem