لێرە و لەوێ، عاشقێکى تەڕی خووساوین
===============
لێرە نیيت و
لەسەر زارى کوکوختييهوه
ئاوازى غەمگینیتم بۆ دەخوێنيت.
لەوێ نیم و
لەژێر دوو باڵی ناسکی شەمشەمەکوێرەدا
گۆرانيى غەریبیيت بۆ دەڵێم.
لێرە نیيت و
گەرچی هێشتا لەنێو باغدا
گوڵم بۆ دەچنی و
بە گوێی کوکوختیدا دەچپێنى، کە بۆم بنێریت!
لەوێ نیم و
گەرچی هێشتا لەنێو شیعرێکدا
لەگەڵ شەمشەمەکوێرەدا
هاتوومەتە کونجى گوێسەبانەى ماڵەکەتان،
تا گوێم لە ئاوازى غەریبیيت بێت!
لێرە نیيت و
لەوێ نیم.
گەرچی هێشتا عاشقێکى غەمگین و
دوو باڵی تەڕی پێکەوەنووساوین،
کە هەرگیز ناتوانین بە بێ یەکدى بفڕین!
=====
٢٠٠٨، سلێمانی
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: منم، دیدەوانیی گوڵ دەکەم
* ئەم شیعرە، بۆ ئیسپانی، ئینگلیزی، چینی، عەرەبی... وەرگێڕراوە.
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem