١
لەمێژە
شیعرم سەرەولێژە؛
وشەم کەوتۆتە لۆفەى مەرگ و
شیعرم لە مانا وەرگەڕاوە.
نازانم
نە مەرەکەبی پێنووسەکەم هەڵچووە و شيعرمى تيا خنکاوە،
نە پەنجەکانم
لە بەردەم قسە و قسەڵۆکى خەڵکدا تاساوە!
٢
لەمێژە
وێنەگرى ئاسمان
بە کامێرای هەورەبرووسکەى خودایى
وێنەیەکى منى گرتووە.
لەمێژ بوو
چاوەڕێم دەکرد وێنەکەم وەربگرمەوە؛
بەڵام حەیف!
ئەو ڕۆژەى وێنەکەیان دایەوە دەستم،
ههستم كرد ڕۆحم دەرچووه و
وێنەکەشم سووتاوه!
٣
لەمێژه
بە پەهنى
قوڕ دەشێلم،
نازانم بۆچى منیان داناوە بۆ چنگڵەچزێ؟
بەڵام ئەوەندە دەزانم
میراتى کورد هەر وایە؛
منیش کوردم،
بۆیە بێگانە بۆ پێویستيى خۆی
بە کارم دێنێ، وەکوو پەمڵەپڕێ!
====
٢٠٠٥
شیعر: لەمێژە
پێشەوا کاکەیی
لە کتێبی: پاشماوەی هەناسەکان
چاپی یەکەم، ٢٠٠٨، چاپی سێیەم ٢٠٢٥
This poem has not been translated into any other language yet.
I would like to translate this poem